باوه‌نوری ‌سه‌رده‌می‌ هۆلاكۆ (رووانینێكی‌ بابه‌تیانه‌ بۆ دۆخی‌ زه‌لیلانه‌ی‌ مسوڵمانان)

باوه‌نوری ‌سه‌رده‌می‌ هۆلاكۆ (رووانینێكی‌ بابه‌تیانه‌ بۆ دۆخی‌ زه‌لیلانه‌ی‌ مسوڵمانان)

چه‌ندێک پێش ئێستا له‌ناحیه‌ی‌ باوه‌نووری‌ قه‌زای‌ كه‌لار دوو كه‌سی‌ نامه‌سئول له‌دزێوترین ره‌فتاری‌ نامرۆڤانه‌دا دژی‌ ئایین و پیرۆزییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌م وڵاته‌و نه‌ته‌وه‌ی‌ ئیسلام هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر مزگه‌وتێك و به‌به‌رچاوی‌ ده‌یان مسوڵمانی‌ ئاخر زه‌مانی‌ ئه‌م وڵاته‌وه‌ قورئانه‌كانیان پارچه‌ چارچه‌ كردو به‌پێی‌ پیسیان بێ‌ رێزییه‌كه‌یان چه‌ند به‌رامبه‌ر كرده‌وه‌.
ئه‌م په‌لامارو سوكایه‌تیانه‌ نامۆ نییه‌ به‌مێژووی‌ ئیسلام رووداوه‌كه‌ی‌ باوه‌نووریش ده‌رهاوێشته‌ی‌ ئه‌و بارودۆخه‌یه‌ مسوڵمانانی‌ كوردستان و ناوچه‌كه‌ی‌ تێدا ده‌ژین، هه‌روه‌ها رووداوه‌كه‌پێگه‌ی‌ ئیسلام و قورسایی‌ پیرۆزییه‌ ئاینییه‌كانیش له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی‌ ره‌سمی‌ كوردیدا تا راده‌یه‌كی‌ زۆر به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، ئه‌م جۆره‌ رووداوانه‌ش له‌مه‌زنی‌ و شكۆی‌ قورئان و پیرۆزییه‌كانی‌ ئیسلام كه‌م ناكاته‌وه‌و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بچووكی‌ و حیقدی‌ بێ‌ به‌رهه‌می‌ دوژمنانی‌ ئه‌م ئایینه‌ و نه‌فامه‌كانی‌ ناو گه‌لانی‌ مسوڵمان پیشان ده‌دات.
ئه‌وه‌ی‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م رووه‌دا مێژوویه‌كی‌ تاڵ دێنێته‌وه‌ یاد ترس و زه‌لیلی‌ مسوڵمانه‌ له‌كاته‌كانی‌ دستدرێژیكردنه‌ سه‌ر خۆی‌ و پیرۆزییه‌كانیدا، ئه‌م ترسه‌ش كاتێك به‌ژیانی‌ مسوڵماندا شۆر ده‌بێته‌وه‌ كه‌ باوه‌ره‌كه‌ی‌ ته‌نها له‌چه‌ند شیعارو مه‌راسیمێكی‌ رووكه‌شانه‌ی‌ ئاینییدا ره‌نگ بداته‌وه‌و ئه‌و عیباده‌تانه‌ی‌ ئه‌نجامی‌ ده‌دات خاڵی‌ بێت له‌ ناوه‌رۆكه‌ حه‌قیقییه‌كه‌ی‌ خۆی‌ كه‌ كه‌سایه‌تی‌ بوێرو نه‌ترسی‌ ئه‌و داده‌رێژێته‌وه‌، بوێری‌ و ئازایه‌تییه‌ك كه‌له‌ئاستی‌ هه‌موو ده‌ستدرێژییه‌كدا بۆ سه‌ر خودی‌ خۆی‌ یان بیروباوه‌رو ئایینه‌كه‌ی‌ مووی‌ گرژ بكات و له‌سه‌ر حه‌ق و بۆ مافی‌ خۆی‌ هه‌ڵبچێت،

كاتێك باوه‌ر لاواز ده‌بێت و په‌رستشه‌كان دۆخی‌ روواڵه‌تی‌ وه‌رده‌گرن ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ش لاواز ده‌بێت و زه‌مینه‌ی‌ به‌رگری‌ له‌نێوده‌چێت، ده‌ره‌نجامی‌ ئه‌م گۆرانه‌ش ترس و سه‌رشۆری‌ و زه‌لیلییه‌ كه‌ له‌به‌رامبه‌ر بچووكترین هه‌ره‌شه‌دا تاكی‌ باوه‌ردار به‌چۆكدا دێت، كۆیه‌كی‌ باوه‌ردار له‌به‌رامبه‌ر تاكێكی‌ بێ‌ باوه‌ردا ده‌بێته‌ مه‌سخه‌ره‌و مۆته‌كه‌ی‌ ترس هه‌موو گیانی‌ داگیر ده‌كات.
ئه‌م حاڵه‌ته‌ تراژیدییه‌ له‌مزگه‌وته‌كه‌ی‌ باوه‌نووردا به‌روونی‌ به‌رجه‌سته‌بوو، له‌نوێژێكی‌ جه‌ماعه‌ت و به‌ئیمامه‌تی‌ مه‌لایه‌كی‌ پێشه‌واو پێشه‌نگدا كه‌سێك ده‌ێته‌ ناو حه‌ره‌می‌ مزگه‌وته‌كه‌وه‌و ئه‌و كاره‌ساته‌ ده‌خوڵقێنێت، له‌وه‌ش كاره‌ساتبارتر ترس و تۆقینی‌ نوێژخوێنه‌كانه‌ كه‌ كه‌سێكیان ئاماده‌یی‌ ئه‌وه‌ی‌ تێدا نابێت نوێژه‌كه‌ی‌ ببرێت و رووبه‌رووی‌ ده‌ستدرێژكاره‌كان ببێته‌وه‌، سه‌یر له‌وه‌دایه‌ مه‌لای‌ مزگه‌وته‌كه‌ ده‌ڵێت كه‌ ئه‌و تاوانبارانه‌ هاتنه‌ ژووره‌وه‌و ده‌ستیان به‌دڕاندنی‌ قورئانه‌كان كرد ده‌بوو نوێژه‌كه‌مان بووه‌ستاندایه‌و نه‌مانهێشتایه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ن به‌ڵام نه‌مانوێرا به‌رپه‌رچیان بده‌ینه‌وه‌، واته‌ نوێژی‌ خۆیان ته‌واو كرد وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ نه‌ بایان دیبێت نه‌بۆران، له‌كاتێكدا له‌ناو نوێژه‌كه‌شیاندا ته‌ماشاچی‌ ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌بوون و ئه‌و خشوعه‌ له‌ئارادا نه‌بوو كه‌ دواتر بتوانن بڵێن په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ خوای‌ خۆماندا ئه‌وه‌نده‌ به‌هێزبوو بێئاگابووین له‌وه‌ی‌ چی‌ له‌ده‌وروبه‌رماندا روو ده‌دات.

خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و خشوعه‌ له‌ناو نوێژخوێنانی‌ ئه‌م زه‌مانه‌دا بوونی‌ هه‌بوایه‌و په‌یوه‌ندی‌ نێوان باوه‌رداران و خوای‌ خۆیان له‌و ئاسته‌ نموونه‌ییه‌دا بمایه‌ته‌وه‌ كاره‌ساتی‌ له‌و شێوه‌یه‌ نه‌ده‌خوڵقاو هه‌یبه‌تی‌ مسوڵمانان ئه‌و ترسه‌ تۆقێنه‌ره‌ی‌ له‌دڵی‌ بێباوه‌راندا درووست ده‌كرد كه‌ ئه‌مرۆ پێچه‌وانه‌ بووه‌ته‌وه‌و ترسه‌كه‌ بووه‌ته‌ به‌شێك له‌سایكۆلۆژیای‌ مرۆڤی‌ مسوڵمان و دڵی‌ تۆقیوی‌ داگیر كردووه‌.
كاره‌ساته‌كه‌ی‌ باوه‌نوورو هاوشێوه‌كانی‌ له‌م رۆژگاره‌دا حاڵه‌تی‌ زه‌لیلانه‌ی‌ مسوڵمانانی‌ سه‌رده‌می‌ په‌لاماره‌كانی‌ له‌شكری‌ هۆلاكۆمان بیرده‌خاته‌وه‌ بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تی‌ عه‌باسی‌ و گه‌لانی‌ مسوڵمان، ئه‌و كاره‌ساته‌ی‌ نمونه‌ی‌ ترس و زه‌لیلی‌ زۆری‌ وه‌ك ئه‌مه‌ی‌ باوه‌نوور تیا به‌دی‌ ده‌كرێت، مسوڵمانان زۆرو خاوه‌ن چه‌ك و قه‌ڵاو ده‌روازه‌ی‌ زۆری‌ داخراوبوون، به‌ڵام رۆحی‌ مقاوه‌مه‌ت و به‌ره‌نگاری‌ كه‌به‌رهه‌می‌ بیروباوه‌رو پابه‌ندی‌ راسته‌قینه‌و راستگۆییه‌ وه‌ك پێشتر نه‌مابوویه‌وه‌، بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌ك تێكشكابوون و ده‌روونیان دارووخابوو له‌به‌رده‌م سه‌ربازه‌كانی‌ سووپای‌ مه‌غۆلدا زۆر زه‌لیلانه‌ ملیان ته‌سلیم به‌شمشێره‌كانی‌ ئه‌وان ده‌كرد.
مێژوو دیمه‌نێكی‌ ئه‌و رۆژانه‌ ده‌گێرێته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ حاڵی‌ نوێژخوێنانی‌ مزگه‌وته‌كه‌ی‌ باوه‌نوورو مسوڵمانانی‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا زۆر جیاوازی‌ نییه‌، كۆمه‌ڵێك مسوڵمان به‌ده‌ست سه‌ربازێكی‌ مه‌غۆلییه‌وه‌ گیرۆده‌بوون و چاوه‌رێی‌ مه‌رگ ده‌كه‌ن، سه‌یر له‌وه‌دایه‌ ئه‌و سه‌ربازه‌ بێ‌ چه‌كه‌و شمشێره‌كه‌ی‌ له‌جێگایه‌كی‌ تر داناوه‌، له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ به‌و كۆمه‌ڵه‌ مسوڵمانه‌ ده‌ڵێت لێره‌ راوه‌ستن و نه‌جووڵێن تا شمشێره‌كه‌م ده‌هێنم، كه‌ دیاره‌ هێنانی‌ شمشێریش بۆ كوشتنی‌ ئه‌وانه‌و ئه‌وانیش به‌شێوه‌یه‌ك دارووخابوون قاچه‌كانیان توانای‌ هه‌ڵهاتنیشیان نه‌مابوو. ئه‌مه‌ ترۆپكی‌ زه‌لیلییه‌و ئه‌وه‌ی‌ له‌ناو مزگه‌وته‌كه‌ی‌ باوه‌نووردا روویداو نوێژخوێنه‌كان به‌ناوی‌ نوێژه‌وه‌ خۆیان لێ‌ بێ‌ ده‌نگ كردو نوێژه‌كه‌یان بۆ نه‌بری‌ كه‌متر نییه‌ له‌و زه‌لیلییه‌ی‌ سه‌رده‌می‌ هۆلاكۆ.
منقوول= نقل كراوه

 

دیدگاهتان را بنویسید