ئەو زانایەى نمونەى بە سەگ هێنراوەتەوە..!

ئەو زانایەى نمونەى بە سەگ هێنراوەتەوە..!

 

بەسەرهاتى بەلعەمى کوڕى باعوراء…..پەندو وانەکانى…

 

خوای گەورە بەسەرهاتی كەسێكمان بۆ باس دەكات لە سورەتی (الأعراف)دا و نمونەی بە سەگ ناو دەبات…

خواى پەروەردگار دەفەرموێت:

(وَٱتۡلُ عَلَيۡهِمۡ نَبَأَ ٱلَّذِيٓ ءَاتَيۡنَٰهُ ءَايَٰتِنَا فَٱنسَلَخَ مِنۡهَا فَأَتۡبَعَهُ ٱلشَّيۡطَٰنُ فَكَانَ مِنَ ٱلۡغَاوِينَ . وَلَوۡ شِئۡنَا لَرَفَعۡنَٰهُ بِهَا وَلَٰكِنَّهُۥٓ أَخۡلَدَ إِلَى ٱلۡأَرۡضِ وَٱتَّبَعَ هَوَىٰهُۚ فَمَثَلُهُۥ كَمَثَلِ ٱلۡكَلۡبِ إِن تَحۡمِلۡ عَلَيۡهِ يَلۡهَثۡ أَوۡ تَتۡرُكۡهُ يَلۡهَثۚ ذَّٰلِكَ مَثَلُ ٱلۡقَوۡمِ ٱلَّذِينَ كَذَّبُواْ بِ‍َٔايَٰتِنَاۚ فَٱقۡصُصِ ٱلۡقَصَصَ لَعَلَّهُمۡ يَتَفَكَّرُون . سَآءَ مَثَلًا ٱلۡقَوۡمُ ٱلَّذِينَ كَذَّبُواْ بِ‍َٔايَٰتِنَا وَأَنفُسَهُمۡ كَانُواْ يَظۡلِمُونَ) سورة الأعراف ۱۷۵-۱۷۷٫

واتە: ئه‌ی محمد(صلى الله عليه وسلم) هه‌واڵی ئه‌و که‌سه‌یان به‌سه‌ردا بخوێنه‌ره‌وه‌ که‌ زانست و فەرمانەکانى خۆمانمان پێبه‌خشی بوو، که‌چی ئه‌ویش خۆی لێ داماڵی و خۆی لێ دووره‌ په‌رێز گرت، ئه‌وسا ئیتر شه‌یتان شوێنی که‌وت و دایه‌پێش و چووه‌ ڕیزی سه‌ر لێشێواوانه‌وه‌.

خۆ ئه‌گه‌ر بمانویستایه‌ ئه‌وه‌ به‌و ئایه‌ت و فه‌رمانانه‌ به‌رزمان ده‌کرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و خۆی چه‌سپان به‌زه‌ویه‌وه‌ و (ده‌ستی کرد به‌دنیا په‌رستی و) شوێنی ئاره‌زووی خۆی که‌وت، جا نموونه‌ی (ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌) وه‌کو نموونه‌ی سه‌گ وایه‌

ئه‌گه‌ر ده‌ری بکه‌یت و پیایدا هه‌ڵبشاخێیت هه‌ناسه‌ بڕکێیه‌تی (زمان ده‌رده‌کێشێت)، یاخود ئه‌گه‌ر وازی لێ بهێنیت ئه‌وه‌ هه‌ر هه‌ناسه‌ بڕکێیه‌تی، ئه‌وه‌ نموونه‌ی ئه‌و که‌سانه‌یه‌ که‌ ئایه‌ته‌کانی ئێمه‌یان به‌درۆ زانیوه‌ و بڕوایان پێی نه‌بووه‌، که‌وابوو ئه‌م جۆره‌ به‌سه‌رهاتانه‌ بگێڕه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی (دابچڵه‌کێن و) بیربکه‌نه‌وه‌.

ئای که‌ چه‌نده‌ نموونه‌یه‌کی ناشرینه‌، نموونه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ به‌ڵگه‌و فه‌رمانه‌کانی ئێمه‌یان به‌درۆ زانیوه‌و بڕوایان پێ نه‌کردوه‌، ئه‌وانه‌ هه‌ر سته‌میان له‌ خۆیان ده‌کرد.

زانایان ڕاجیان دەربارەى ئەوەى ئاخۆ ئەو کەسە کێیە…؟

لەگەڵ جیاوازی زانایانی تەفسیر دەربارەی هۆكاری دابەزینی ئەم ئایەتەو كەسایەتی ئەو كەسەی كە خوای گەورە نمونەی بە سەگ هێناوەتەوە, كە ئایا بەلعەمی كوڕی باعوراء یان أمیە بن أبی الصلت..يان کەسێکى ترە

بەڵام وەك ئیبن كەثیر(ڕەحمەتى خواى لێ بێت) فەرمویەتی: (وأما المشهور في سبب نزول هذه الآية الكريمة، فإنما هو رجل من المتقدمين في زمن بني إسرائيل، كما قال ابن مسعود وغيره من السلف.)

واتە: بەڵام ئەوەى مەشهورە لە هۆکارى دابەزینى ئەم ئایەتە پیرۆزە, پیاوێکە لە پێشینەکان لە سەردەمى بەنى ئیسرائیلدا ژیاوە, هەروەک ئیبن مەسعود(ڕەزاى خوایان لێ بێت) و غەیرى ئەو لە سەلەف فەرمویانە….

وە لە جێگایەکى تریشدا دەربارەى ئەوەى عبدالله ى کوڕى عەمرو(ڕەزاى خوایان لێ بێت) فەرمویەتى ئەو کەسە بریتىیە لە ئومەییەى کوڕى ئەبى الصلت, ئیبن کەثیر دەفەرموێت: ئەو ڕیوایەتەش صەحیحە, وەک ئەوە وایە مەبەستى ئەوە بوبێت کە ئومەییە لە بەلعەم چووە. چونکە زانستى زۆرێک لە شەریعەتەکانى پێشوى پێ گەیشتوو, بەڵام سوودى لە زانستەکەى نەبینى, چونکە گەیشت بە سەردەمى پێغەمبەرى خوا(صلى الله علیه وسلم)داو هەموو ئەوعجیزانەى بینى کە هەموو خاوەن بەصیرەیەک دەیبينى, بەڵام شوێنى نەکەوت و بووە یەکێک لە پشتیوان و سەرخەران و مەدحکارانى موشریکان, بەجۆرێک زۆر بە گەرمى مەدحى موشریکە کوژراوەکانى بەدرى دەکرد…/ تَفْسير ابن كثير ۳/۵۰۷

ئیمامى الطبریش دەفەرموێت: دەگونجێت ئەو کەسەى خواى گەورە ئەو زانستەى پێ بەخشیوە بەلعەم بێت, ئەشگونجێت ئوممەییە بێت…/ تفسیر الطبری۱۳/۲۵۹

 

بەلعەمى کوڕى باعوراء کێ بوو؟

 

زانایان دەربارەی بەلعەم دەفەرموون: ناوى بەلعام یان بەلعەمى کوڕى باعوراء بووە, لە یەکێک لە گوندەکانى بەلقاء دەژیا.. كابرایەكی خواناس و پیاوچاک و خاوەن دین و زوهدو شارەزای بەنی ئیسرائیل بوو لە شام دەژیا, دوعاو پارانەوەکانى گیرا بوو, دەڵێن ناوە گەورەکەى خواى گەورەى دەزانى و پێى دەپاڕایەوە. لە بنچینەدا لە هۆزى بەنى کەنعان بوو کە لە عێراقەوە کۆچیان کردبوو بەرەو شام و بیت المقدس.

 

بەسەرهاتەکەى بەلعەمى کوڕى باعوراء:

 

بەسەرهاتى بەلعامى کوڕى باعوراء بە زۆر شێوە هاتووە..بەڵام ئەوەى مەشهورە گێڕانەوەکەى ئیبن ئیسحاقە کە

ئیبن كەثیر فەرمویەتی: (وهذا الذي ذكره ابن اسحق من قصة بلعام صحيح قد ذكره غير واحد من علماء السلف). البداية والنهاية۱/۳۲۲٫

واتە: ئەمەى ئیبن ئیسحاق گێڕاویەتییەوە لە بەسەرهاتى بەلعام صەحیحەو زیاد لە یەکێک لە زانایانى سەلەف باسیان کردووە.

 

لەو ڕیوایەتەش کە ئیبن ئیسحاق دەیگێڕێتەوە بەسەرهاتى بەلعەم بە کورتى بەم جۆرە بووە:

 

کاتێک موسا پێغەمبەر(علیه الصلاة والسلام) بەرەو خاكى کەنعان ڕۆیشت لە شام , (خەڵکەکە وایان دەزانى موسا(علیه الصلاة والسلام) دەریان دەکات و دەیانگەڕێنێتەوە بابل), بۆیە هاتنە لاى بەلعەم و ووتیان: موساى كوڕى عیمران هاتووە لە شارەکەمان دەرمان بکات و بمانکوژێت نەوەى ئیسرائیل بخاتە شوێنەکانمان و ئێمەش لە گەلى تۆین و شوێن و جێگاى تریشمان نییە, تۆش دوعاو پاڕانەوەت گیرایە, بۆیە دەرچۆ دوعاى لێ بکە.

ئەویش وووتى: هاوار بۆ ئێوە ئەو پێغەمبەرى خوایە, مەلائیکەت و ئیماندارانى لەگەڵە, چۆن دوعاى لێ بکەم..لە کاتێکدا ئەو زانستەى من پێمە لە خواى گەورەوە ئێوە پێتان نییە؟

بەڵام ئەوان بەردەوام هانیان دەداو دەکوڕوزانەوە هەتا لەخشتە چوو..

کەوتە ڕێ بەرو ئەو شوێنە بەرزاییەى عادەتى وابوو لێوەى دەپاڕایەوەو دەیڕوانى بەسەر سەربازگەى نوەى ئیسرائلیدا, ئەو شاخە ناوى الحسبان بوو, لەڕێگادا چەند جارێک گوێدرێژەکەى وەستا ئەمیش لێیدەدا تا خواى گەورە خستیە قسە وەک حوججەیەک و وتى: هاوار بۆ تۆ ئەى بەلعەم بۆ کوێ ئەڕۆیت؟ نابینى مەلائیکەت نایەڵن بڕۆم؟ ئەچیت دوعا لە پێغەمبەرى خواو ئیمانداران دەکەیت؟

ئیتر سەرکەوت تا گەیشتە سەر لوتکەى الحسبان و هەر کە ئەیویست لە موساو گەلەکەى بپاڕێتەوە خواى گەورە زمانى هەڵدەگێڕایەوە دوعاى لە خۆیان دەکرد..!! خەڵکەکە وتیان: ئەوە تۆ چى دەکەیت؟ ووتى: بە دەست من نییە ناتوانم دوعاى لێ بکەم, دونیاو قیامەتم لە دەست چوو, تەنها ڕێگاى فرت و فێڵ ماوە بیگرمە بەر تا سەرکەوتوو بین..

بۆیە داواى لێ کردن چەند ئافرەتێکى زۆر جوان و سەرنجڕاکێش بڕازێننەوەو بە ناوى شت فرۆشتنەوە بینێرن بەرەو مەعەسکەرى موسا(علیه الصلاة والسلام)و هەوڵبدەن سەربازەکانى موسا توشى زینا بکەن و ئەگەر یەکێک لەوان داواى خراپەى کرد خۆى بدات بەدەستەوە..!! ئەگەر یەک کەس زینا بکات بەستانەو سەرکەوتوون.

ئەوانیش وایان کرد..

بەو جۆرە یەکێک لە سەرۆک و گەورەکانى بەنى ئیسرائیل توشى زینا بوو..خواى گەورە تاعونى بۆ ناردن و بەهۆیەوە هەزارانى لێ کوشتن..تا یەکێک لە فەرماندەکانى موسا(علیه الصلاة والسلام) لە سەفەر گەڕایەوەو ئەمەى بینى چووە ناو خێمەیەکەوە کە زیناى تێدا دەکرا هەردوکیانى کوشت بە سەرى ڕمەکەیەوە هێنانىیە دەرەوەو بەرزى کردنەوەو ووتى: خوایە بەو جۆرە دەکەین برامبەر هەرکەسێک سنورى تۆ بشکێنێت و سەرپێچیت بکات..ئیتر تاعونەکەیان لەسەر هەڵگیرا…وە حەفتا هەزار هەندێکى تر دەڵێن بیست هەزار بە هۆى ئەو تاعونەوە مردن…// بۆ بینینى بەسەرهاتەکە بە درێژى بڕوانە تفسیر الطبري۱۳/۲۶۴-۲۶۵ وتفسير ابن كثير۳/۵۱۰-۵۱۱, و رواه ابن جرير في تاريخه۱/۲۶۶-۲۶۷٫

 

پەندو ئامۆژگارىیەکانى ئەم بەسەرهاتە:

 

۱-عیلم و زانستى شەرعى بە تەنها کەفیل نییە بۆ ڕزگار بوون, چونکە ئەم کابرایە زانا بوو بەڵام لە ڕێگرتن لە هەقدا بەکارى هێنا, هەر بۆیە ئیبن القیم فەرمویەتى: (ولا تغتر بكثرة العلم فإن بلعام بن باعورا لقى ما لقى وكان يعرف الاسم الأعظم) مدارج السالکین۱/۵۱۴

واتە: مەغرور مەبە بە زۆرى زانست, چونکە بەلعامى کوڕى باعوراء ئەبینى چى بەسەرهات لەکاتێکدا ناوە گەورەکەى خواى گەورە دەزانى.

۲-ئەگونجێت سەربازانى باطیل زاناو بەناو مەلاو شارەزاى دینیان لەگەڵ بێت, بەمەش نابنە هەق, چونکە ئەو کاتەى سوپاى تەتارەکان هێرشیان کرد بۆ شام زاناو قازى و بانگبێژو ئیمامى نوێژیان لەگەڵدا بوو.

۳-هۆکارى ناوبردنى ئەو زانا گومڕایە بە سەگ بریتى بوو لە کار نەکردنى بە زانستەکەى و پشتیوانى کردنى ئەهلى کوفر بە هەموو جۆرەکانى پشتیوانى کردن و سەرخستن…بە دوعاى پاڕانەوە بۆیان…دژایەتى کردنى پێغەمبەرى خواو ئیمانداران, پیلان دانان لە دژیان.

۴-شوێن کەوتنى هەواو ئارەزوو مرۆڤ دەبات بەرەو تیاچوون.

۵-کوفرو تاوان و خراپە هۆکارى سەرەکین بۆ تیاچوونى ئوممەتەکان…بەلعەمیش ئەمەى دەزانى بۆیە هەوڵیدا تاوان لەناو بەنى ئیسرائیلدا بڵاوبێتەوە.

۶-ئەهلى باطیل و دوژمانى هەق زۆر جار ئافرەت بەکاردێنن بۆ سەرگەردان کردن و گومڕا کردنى موسڵمانان و لە خشتە بردنیان, یەکەم فیتنەى بەنى ئیسرائیلیش بە هۆى ئافرەتەوە بوو.

۷-شوکرو سوپاس نەکردنى خواى گەورە هۆکارى خەشم و توڕە بوونى خواى گەورەیە.

۸-دواى چەندان ساڵ لە بەلعام کابرایەکى رتى هاوشێوەى ئەو بە ناوى ئومەییەى کوڕى ئەبى الصلت پەیدا بوو, کەواتە هەتا ڕۆژى دوایى ئەگونجێت چەندان کەسى ترى هاو وێنەى بەلعەم پەیدا ببن و دینەکەیان بفرۆشن و زانستەکەیان لە دژایەتى ئیسلام و موسڵماناندا بەکاربێنن.

۹-کەس ئەمین نییە لە وەرگەڕان و سەرگەردان بوون, بۆیە پێویستە هەردەم بپاڕێینەوەو بڵێین: یا مقلب القلوب ثبت قلوبنا على دینک.

وە چەندان پەندى ترى لێ وەردەگیرێت..ئەوانەى تر بەجێ دێڵم بۆ خوێنەر….

 

حەمزە بەرزنجى

دیدگاهتان را بنویسید